مێزگردی گێڕانەوە و پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستان و خەباتی جەماوەریی لە ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨
بەشی یەكەم
خوێنەرانی ھێژا، چالاكان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی بێكاری لە ھەر شوێنێك ھەن، وەك بەخۆتان ئاگادارن، لە نۆڤەمبەری ٢٠١٠دا ئێمە ( گۆران عەبدوڵڵا، سیروان عەلی و ئاكۆ محەمەد ) دەستبەكاری پرۆژەی كۆكردنەوە و نووسینەوەی مێژوو و ئەزموونەكان و بەڵگەنامەكانی ( یەكێتی یەكێتی بێكاران لە كوردستان ) بووین و بەو بۆنەوە باگەوازێكمان بڵاوكردەوە و ھاوكات وەك بەسەركردنەوە و ھێناگۆ و گیڕانەوەی بەسەرھات و ئەزموونەكان، كۆمەڵە پرسیارێكمان ئاراستەی گشت چالاكانی ئەوسای یەكێتی بێكاران [تا ئەو جێیەی كە ئیمەیل ئەدرەس و ژمارە تەلەفۆنی ئەو ھاوڕێیانەمان ھەبووبێت] كردن. بەداخەوە بێجگە لە دوو ھاوڕێ [عەبدوڵڵا سلێمان و كاوە حەسەن]، كەسی دیكە بە دەم بانگەواز و وەڵامدانەوەی پرسیارەكانەوە نەھات. بەڵام ئەمە نەبووە ھۆی ساردبوونەوە و وەستانی ئێمە لەو پرۆژە و ئەو ئامانجەی كە لەپێش خۆمانمان داناوە و وەك درێژەی كارەكەمان و ھاوكات وەك بوارڕەخساندن بۆ ئەو ھاوڕێیانەی، كە ئیمەیل ئەدرەس و ژمارە تەلەفۆنیانمان نەبووە، تاوەكو پرسیار و پرۆژەكەیان بۆبنێرین، بەخۆمان لەنێوان خۆماندا وەك ھەر چالاكێكی دیكەی یەكێتی بێكاران لەنێوان ساڵانی ١٩٩٢ – ١٩٩٨، مێزگردێك كراوەی ئینتەرنێتیمان ڕێكخست و سەرەنجام ئەم دیالۆگەی لێكەوتەوە، كە لێرەدا بە ئامانجی بانگەوازكردنەوە و ڕاكێشانەی ھاوڕێیان، چ ئەوانەی كە وەڵامی پرسیارەكانیان داوەتەوە و چ ئەوانەی لە كاتی خۆیدا بە ھەر ھۆیەك و ڕێگیرییەكەوە، بواریان بۆ نەڕەخساوە، تاوەكو بەشداری بكەن و ڕەخنە لە بۆچوون و گێرانەوە و لێكدانەوەكانی ئێمە و ئەو دوو ھاوڕێیەی كە وەڵامیانداوەتەوە، بگرن و لەوێدا كە بیرەوەری ئێمە بواری گێڕانەوە و گەڕانەوەی بۆ سەر ھەموو لایەنەكانی ئەو ئەزموونە خەباتكارانەی بێكاران نەدابێت، ئەوان درێژەی پێبدەن و جارێكی دیكە بە گیانێكی ھاوڕێیانە و بەرپرسیارییەوە، پێكەوە درێژە بە مشتومڕ و توێژینەوەی ئەو ئەزموونە جەماوەرییە درێژخایەن و خەباتكارانەی سەردەمە تاریكەكانی ئابڵۆقەی ئابووریی و جەنگی نێوخۆ و ھێرش و ھەڕەشە و مەترسی دەوڵەتانی دراوسێ بۆ ھەرێمی ناجێگیری ئەوسای كوردستان، بدەین.
ھاوڕێیان ڕەخنە و ڕاستكردنەوەی ئێوە لە گێڕانەوە و تۆماركردن و لێكدانەوە و پێداچوونەوەكانی ئێمە، تەنیا مەرج و مسۆگەركەری زیندووراگرتنی پرۆژەی پێداچوونەوە و نووسینەوەی ئەزموونی یەكێتی بێكاران لە كوردستانە و ھاوكات درێژەپێدەر و پوختەكەر و ڕزگاركەری مێژوو و ئەزموونەكان و لایەنە دەرنەكەوتەكانی خەباتی ئەو ڕێكخراوە جەماوەرییە و بزووتنەوەكەیە لەو ڕۆژگارەدا، كە بە جۆرێك ئێوەش تێیدا بەشدار و چالاك بوون.
دەقی بانگەوازی پرۆژەكە
نامەیەكی گشتیی بۆ چالاكان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی بێكاران
هاوڕێیانی هێژا، ئەندامان و چالاكانی (یەكێتی بێكاران لە كوردستان)، وێڕای ڕێز و سڵاو و خۆشەویستیمان، هەواڵتاندەپرسین لە هەر كوێیەك هەن …
هاوڕێیان، هاوكاران و دڵسۆزانی بزووتنەوەی بێكاری لە كوردستان، لەبەر دەستڕانەگەییشتنمان بە ئیمەیل ئەدرەس و ژمارەتەلەفۆنی هەمووتان، نەمانتوانی ڕاستەوخۆ پەیوەندیتان لەتەكدا بگرین و پەیام و پرسیارەكانیان ئاراستە بكەین و لە دەستپێكردنی پرۆژەكە ئاگادارتان بكەینەوە، بەدروستمانزانی، كە لێرەوە پەیام و پرسیارەكانتان ئاراستەبكەین و داواتانلبكەین، كە بە هەر شێوەیەك و بە هەر ڕێگەیەك و بەهەر زمانێك بۆتان دەلوێت، بەشداریبكەن و لە بۆچوون و پێشنیاری خۆتان ئاگادارمانبكەنەوە و پرۆژەكە بە زانیاری و دۆكومێنتەكانتان فروانتر و پشتئەستوور بكەن.
هەڵسوڕوان و هەبژێردراوانی کۆبوونەوەی گشتی بێکارانی ناحیەی قوشتەپە لە 15-02-1993
دووەم لەلای ڕاستەوە ڕیاز کاکەشین
چوارەم لەلای ڕاستەوە عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
دووەم لەلای چەپەوە گۆران عەبدوڵا
– ئهو ئهزموون و وانانه کامانهن، که له کارکرد و شێوازی رێکخستن و خهباتی ئهو ڕێکخراوهوه بۆمان بهجێماون و دهکرێت یا دهتوانن بۆ ئهمڕۆکه یا داهاتوو بهسوود بن؟ یا به جۆڕێکی تر ئهو ڕێکخراوه چۆن ههڵدهسهنگێنیت؟